چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سەباح ئەمینیان، حامید شامی، فواد محەممەدی و ئاراز ساڵحی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی بۆکان، پیرانشار، سنە و بۆجنوورد دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٥ی جولایی ٢٠٢٥) دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە شیعرخوێندنەوەی منداڵێکی کوردی کرمانجی باکووری خوراسان لە بۆنە و ڕێوڕەسمە کولتوورییەکاندا، هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی هێرشیان کردە سەر ماڵەکەیان، بەڵام نەیانتوانی ئەم منداڵە ١٤ ساڵەیە دەستبەسەر بکەن. هەر بۆیە دوای پشکنینی ماڵەکە و دەستگرتن بەسەر مۆبایلی ئەندامانی بنەماڵەکەدا، ئاراز ساڵحیی باوکی ئەم منداڵەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرد.

هەروەها فواد محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٤ی جولایی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا. ڕۆژێک پێشتریش، واتە ٢٢ی پووشپەڕ (١٣ی جولای)، سەباح ئەمینیان، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لە شوێنی کارەکەیدا و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا.

ڕۆژی ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤یش (١٠ی جولایی ٢٠٢٥) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری پیرانشار هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی حامید شامی و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کرد.

ئەم هاووڵاتییە چەند ساڵێک لەمەوپێشیش بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ دەستبەسەر کرابوو و پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

لە کاتی هێرشی ئیسراییل بۆ سەر ئێران و ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٣١٥ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، تاران و خوراسانی باکوور لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.

هاوکات دەیان هاووڵاتی، چالاکی مەدەنی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامانی بنەماڵەی چالاکوانانی دانیشتووی دەرەوەی کوردستانیش بانگهێشتی بەردەم بنکە هەواڵگرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات یان نووسینگەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کراون و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

ئەگەرچی کاربەدەستانی دەزگای دادوەری دەڵێن ژمارەیەک لەم کەسانە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەری دەخەن کە زۆربەی هەرەزۆری ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەری یاسایی، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی دامودەزگا ئەمنییەکان لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ، تاران و بۆجنوورد ڕاگیراون و دەستبەسەرن.