ساسان چەمەنئارا، هونەرمەند و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٦ی جولایی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکانەوە لە شاری ئیلام دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە دووتوێی بانگهێشتنامەیەکدا بە تۆمەتی «بەکارهێنانی نایاسایی زانیاری و سیستەمە کۆمپیتەری یان پێوەندایەتییەکان» بۆ لقی چوارەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیلام بانگهێشت کرابوو. بەڵام کاتێک بۆ نووسینگەی پارێزەرەکەی دەچوو و سەرەڕای ئەوەی هێشتا ماوەی پێنج ڕۆژەی دیاریکراو لە بانگهێشتنامەکەدا کۆتایی نەهاتبوو، لە شەقامێکی شاری ئیلامدا دەستبەسەر کرا.  

مریەم کیان ئەرەسی، پارێزەری ئەم هونەرمەندە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستبەسەرکردنی پارێزوانەکەی لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس (تویتەری پێشوو)دا، نووسیویەتی:

«پارێزوانەکەم ساسان چەمەنئارا ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕ (١٦ی جولای) لە شاری ئیلام دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لە لایەن لقی چوارەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیلامەوە بانگهێشتنامەی ٥ ڕۆژەی بۆ نێردرابوو و ئەو ماوەیە هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە».

ساسان چەمەنئارا، هونەرمەند و چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی ئیلام، پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا بە شێوەیەکی توندوتیژ لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە تاران دەستبەسەر کرابوو. ئەم هونەرمەندە کوردە ماوەی ٢١ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپا و ١٨ ڕۆژیش لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی وەزارەتی ئیتلاعات لەژێر لێپرسینەوەدا بوو و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە) کرابوو.

ساسان چەمەنئارا لە بەفرانباری ١٤٠١دا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ٢٩ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەیدعەلی مەزڵووم بە تۆمەتی «پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی» سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و لە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا (٢٤ی ژانڤییە) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی تارانی گەورە ئازاد کرا.

ئەگەرچی سزای بەندکرانی ئەم هونەرمەندە کوردە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تاراندا پەسەند کرا، بەڵام لقی یەکەمی جێبەجێکردنی سزاکان ئەو حوکمەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ هەڵپەسارد. چەند مانگێک دواتر ئەم هونەرمەندە کوردە لە ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینیدا ڤیدیۆکلیپێکی بڵاو کردەوە و هەر بۆیە جارێکی تر بانگهێشتی بەردەم دادسەرای ئێڤین کرایەوە و دوای ئەوەی لەسەر ئەم ڤیدیۆکلیپە و چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خرایە بەر لێپرسینەوە، تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی ڕووبەڕوو کرایەوە.

ساسان چەمەنئارا ڕۆژی ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) جارێکی تر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئیلام دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ئەم هونەرمەندە ڕۆژی ٤ی ڕێبەندان (٢٤ی ژانڤییە) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان بە دانانی کەفالەت و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

دواجار و لە ڕەشەمەی ١٤٠٣دا (مارسی ٢٠٢٥) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت و لە بەرژەوەندیی گرووپ و ڕاگەیاندنە دژبەرەکاندا» سزای ٣ مانگ بەندکران و پێبژاردنی ٢٠ میلیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپا.