لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنەکان لە کوردستاندا، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەسعەد سدیقی و یووسف قوربانی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی سەقز و بۆکان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٦ی جولایی ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە گوندی «کاومەلە»ی سەقز هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەندامێکی گرووپی شاخەوانیی «هەڵۆ» بە ناوی ئەسعەد سدیقی و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرد.
هەروەها لەسەر چارەنووسی یووسف قوربانی کە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٣ی جولایی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.
هاوکات سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەیشی بۆ وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر بارودۆخی، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.
لە کاتی هێرشی ئیسراییل بۆ سەر ئێران و ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٣١٨ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، تاران و خوراسانی باکوور لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.
هەر لەم ماوەیەدا دەیان هاووڵاتی، چالاکی مەدەنی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامانی بنەماڵەی چالاکوانانی دانیشتووی دەرەوەی کوردستانیش بانگهێشتی بەردەم بنکە هەواڵگرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات یان نووسینگەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کراون و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کراوە.
ئەگەرچی کاربەدەستانی دەزگای دادوەری دەڵێن ژمارەیەک لەم کەسانە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەری دەخەن کە زۆربەی هەرەزۆری ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەری یاسایی، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی دامودەزگا ئەمنییەکان لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ، تاران و بۆجنوورد ڕاگیراون و دەستبەسەرن.