لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنەکان لە کوردستاندا، لانیکەم چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئیبراهیم جانەفەرد، لوقمان ئەحمەدپوور، سیروان عەزیزی و ڕووناک دەشتی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕووناک دەشتی ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٦ی جولایی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە کامێران دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری سنە.

هەروەها ئیبراهیم جانەفەرد، زیندانیی سیاسیی پێشوو، ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٢ی جولایی ٢٠٢٥) لە بۆکان دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتییە پێشتر و لە ساڵی ١٤٠١دا (٢٠٢٢) بۆ ماوەیەکی کورت نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو و پاش گەڕانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند حەفتەیەک لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. ئیبراهیم جانەفەرد لە گوڵانی ١٤٠٢دا (ئاپریلی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ١١٠ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکانەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

لە لایەکی ترەوە لەسەر چارەنووسی لوقمان ئەحمەدپوور، لە بریندارانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» و سیروان عەزیزی کە لەم حەفتانەی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی بۆکان و نەغەدە دەستبەسەر کرابوون، تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

لە کاتی هێرشی ئیسراییل بۆ سەر ئێران و ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٢٢ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، تاران و خوراسانی باکوور لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.

هەر لەم ماوەیەدا دەیان هاووڵاتی، چالاکی مەدەنی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامانی بنەماڵەی چالاکوانانی دانیشتووی دەرەوەی کوردستانیش بانگهێشتی بەردەم بنکە هەواڵگرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات یان نووسینگەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کراون و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

ئەگەرچی کاربەدەستانی دەزگای دادوەری دەڵێن ژمارەیەک لەم کەسانە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەری دەخەن کە زۆربەی هەرەزۆری ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەری یاسایی، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی دامودەزگا ئەمنییەکان لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ، تاران و بۆجنوورد ڕاگیراون و دەستبەسەرن.