دوای تێپەڕینی ٢٣ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی ئەمین کەریمی، هونەرمەند و شانۆکاری خەڵکی ورمێ، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هونەرمەندە کوردە ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١ی جولایی ٢٠٢٥) لە کاتی گەڕانەوە لە تورکیاوە لە سنووری سەروی ورمێ دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەم شانۆکارە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە. هاوکاتیش سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نیین هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ئەم هاووڵاتییە بە بنەماڵەکەی بدەن.
ئەمین کەریمی پێشتریش لە کاتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دەستبەسەر کرابوو و دوای مانگێک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.