لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنەکان لە کوردستاندا، حەوت هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی یوونس شەریفی، خدر ڕەسوولی، کلارا ڕەسوولی، کاوە ڕەحیمی، حەسەن ئەسکیی بەغدادی، محەممەد پەروازه و ئەمیر ئەمجەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی پیرانشار، شنۆ، مەهاباد، بۆکان و مەریوان دەستبەسەر کراون و لەسەر چارەنووسی هەندێکیان هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ١ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٢٣ی جولایی ٢٠٢٥) محەممەد پەروازە، خەڵکی گوندی «نێ»ی مەریوان، لە جادەی ئەم گوندەدا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها یوونس شەریفی، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ و حەسەن ئەسکیی بەغدادی، هاووڵاتیی ٤٢ ساڵانی خەڵکی پیرانشار، بە ڕیز لە ڕۆژانی ٣٠ و ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا (٢١ و ٢٠ی جولایی ٢٠٢٥) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەو دوو شارەدا دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی ٢٧ی پووشپەڕیش (١٨ی جولای) ئەمیر ئەمجەدی، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە.

لە درێژەی زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا بۆ سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنیی دانیشتووی دەرەوەی کوردستان، خدر ڕەسوولی و کلارا ڕەسوولی، باوک و خوشکی کارۆ ڕەسوولی، لە ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراون.

هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات شەوی ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٠ی جولایی ٢٠٢٥) هەڵیانکوتایە سەر ماڵی خدر ڕەسوولی، زیندانیی سیاسیی پێشووی ٦٩ ساڵان، پاشان ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ کچە ٣٩ ساڵانەکەیدا، کلارا ڕەسوولی، لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

ماڵپەڕەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕۆژانی ڕابردوودا سیناریۆسازییەکیان دژ بەم دوو هاووڵاتییە دەست پێ کردووە و تاوانباریان کردوون بە «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل»، ڕایشیان گەیاندووە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا ڤیدیۆی دانپیانانەکانیان بڵاو دەکرێتەوە.

هەروەها لەسەر چارەنووسی کاوە ڕەحیمی، هاووڵاتیی ٤٠ ساڵانی خەڵکی بۆکان کە ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١ی جولایی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

لە کاتی هێرشی ئیسراییل بۆ سەر ئێران و ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٣٠ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، تاران و خوراسانی باکوور لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.

هەر لەم ماوەیەدا دەیان هاووڵاتی، چالاکی مەدەنی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامانی بنەماڵەی چالاکوانانی دانیشتووی دەرەوەی کوردستانیش بانگهێشتی بەردەم بنکە هەواڵگرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات یان نووسینگەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کراون و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

ئەگەرچی کاربەدەستانی دەزگای دادوەری دەڵێن ژمارەیەک لەم کەسانە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەری دەخەن کە زۆربەی هەرەزۆری ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەری یاسایی، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی دامودەزگا ئەمنییەکان لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ، تاران و بۆجنوورد ڕاگیراون و دەستبەسەرن.