تا ئێستا لەسەر چارەنووسی مەتین ئوسلووبی، ئەبووبەکر عوقابی و ڕەفیق موستەفایی، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی نەغەدە، شنۆ و مەریوان کە لەم حەفتانەی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کۆمەڵێک هاووڵاتی لە گوندی «باڵاگیر»ی شنۆ و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ماڵی یەک لەو هاووڵاتیانە بە ناوی ئەبووبەکر عوقابییان پشکنیوە، پاشان دەستیان بەسەر بەڵگەنامەکانی باری کەسێتیی ئەم هاووڵاتییەدا گرتووە.

ئەبووبەکر عوقابی دواتر بۆ وەرگرتنەوەی بەڵگەنامەکانی سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆی کردووە، بەڵام لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بە ناوی ڕەفیق موستەفایی ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژ (١ی ئاگۆست) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە کارگەیەکی خشتبڕینی ئەم شارەدا بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە.

هاوکات لەسەر چارەنووسی مەتین ئوسلووبی، هاووڵاتیی ٢٥ ساڵانی خەڵکی نەغەدە کە ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٢ی جولایی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

سەرەڕای سەردان و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم دەستبەسەرکراوانە بۆ وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی کوڕەکانیان، دامودەزگا ئەمنییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردەوەیەکیان پێ بدەن.

لە کاتی هێرشی ئیسراییل بۆ سەر ئێران و ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٣٥ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، تاران و خوراسانی باکوور لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.

هەر لەم ماوەیەدا دەیان هاووڵاتی، چالاکی مەدەنی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامانی بنەماڵەی چالاکوانانی دانیشتووی دەرەوەی کوردستانیش بانگهێشتی بەردەم بنکە هەواڵگرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات یان نووسینگەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کراون و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

ئەگەرچی کاربەدەستانی دەزگای دادوەری دەڵێن ژمارەیەک لەم کەسانە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەری دەخەن کە زۆربەی هەرەزۆری ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەری یاسایی، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی دامودەزگا ئەمنییەکان لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ، تاران و بۆجنوورد ڕاگیراون و دەستبەسەرن.