ڕامین گورگانی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی کامێران، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری سنە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شەقامێکی شاری کامێراندا ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە. دواتریش هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپولی کەسیی ئەم هاووڵاتییەدا گرتووە.

دەوترێت ڕامین گورگانی بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ٢٠ ڕۆژەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە.

ڕامین گورگانی پێشتریش، لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (٥ی مارسی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە هەر لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای چەند مانگێک لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا، دواتر ئەو سزایە گۆڕدرا بۆ پێبژاردنی پارە.