ڕوقیە (ژینۆ) کەریمی، هاووڵاتیی ١٨ ساڵانی خەڵکی مەریوان کە ناوەڕاستی گەلاوێژی ئەمساڵ (ئاگۆستی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو، دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازراوەتەوە بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت (چاکسازیی ژنان)ی سنە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەری ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری سنە.
ژینۆ کەریمی لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازراوەتەوە بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت (چاکسازیی ژنان)ی سنە. ئەم کچەلاوە لە کاتی دەستبەسەربووندا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوو.