لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٠ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ڕامین ڕوستەمی، ئێحسان ڕوستەمی، میلاد ڕەندانی، نەریمان ڕەندانی، هۆشیار شەعبانی، ئومێد ئەحمەدپوور، ئومێد ڕەحیمزادە، مێهدی کەمالی، زەکەریا مورادی و محەممەد ئەمینپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی سەقز، بانە و تاران دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) ڕامین ڕوستەمی و ئێحسان ڕوستەمی، هاووڵاتیانی خەڵکی هەرسینی کرماشان و دانیشتووی تاران، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کران.
هاوکات لە نزیک شارۆچکەی «کانی سوور»ی بانە زیندانییەکی سیاسیی پێشوو بە ناوی هۆشیار شەعبانی کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان و لە کاتێکدا کە بە گوللە پێکرابوو دەستبەسەر کرا. ئەم هێزانە هەروەها ئومێد ئەحمەدپووریشیان دەستبەسەر کردووە کە ئەویش خەڵکی بانەیە و شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلە بووە کە هۆشیار شەعبانیی تێدا بووە.
هەروەها ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) دوو برای چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی میلاد ڕەندانی و نەریمان ڕەندانی بۆ دووەم جار لە یەک ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی توندوتیژ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. میلاد ڕەندانی دوای چەند کاتژمێرێک دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەدا ئازاد کرا بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی نەریمانی برای لە بەردەستدا نییە.
هەر لەم ڕۆژەدا چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی ئومێد ڕەحیمزادە، مێهدی کەمالی، زەکەریا مورادی و محەممەد ئەمینپوور لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.