شەهرام حاتەمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای شەش مانگ و ڕۆژێک بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) بانگهێشتنامەیەکی لە لایەن لقی ٩ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێوە پێ گەیشت و ڕۆژی شەممە ٨ی خەرمانان (٣٠ی ئاگۆست) دوای ئەوەی سەردانی دادگاکەی کرد، بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.

شەهرام حاتەمی ڕۆژی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە ورمێ دەستبەسەر کرا و سێ ڕۆژ دواتر بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٤ی مارسی ٢٠٢٥) لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ سزانامەی بۆ دەر کرد و تۆمەتەکانی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»، «پەرەپێدان و بانگەشەکردن بۆ بێحیجابی»، «هاوکاریکردن لەگەڵ ڕاگەیاندنە دژبەرەکاندا» و «سووکایەتیکردن بە ئەتنیکەکان»ی ڕووبەڕوو کرایەوە. ڕۆژی ٢٩ی گوڵانی ١٤٠٤ (١٩ی مەیی ٢٠٢٥) لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بڕیاری دا بە دەرکردنی سزای دوو ساڵ بەندکران، دوو ساڵ قەدەغەکردنی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و دەستگرتن بەسەر مۆبایلەکەیدا وەک کەرەستەی ئەنجامدانی تاوان.

ئەم بڕیارە دوای تانەلێدان و لە ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا (٢٤ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە لایەن لقی ٢٣ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە گۆڕدرا بۆ شەش مانگ و ڕۆژێک بەندکران.