شەش هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی سالار شەمس‌بورهان، ئەیوب ڕەسوولی، ڕێبوار ڕەسوولی، عەلی مەعرووفی، ئیدریس محەممەدنژاد و سەعدوون غەزاڵی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) سەعدوون غەزاڵی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی ئەمساڵ (٢١ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەن بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

هەروەها لە کۆتاڕۆژەکانی گەلاوێژیشدا (ئاگۆست) لانیکەم پێنج هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی سالار شەمس‌بورهان، ئەیوب ڕەسوولی، ڕێبوار ڕەسوولی، عەلی مەعرووفی و ئیدریس محەممەدنژاد بە دانانی بارمتەی ٣ تا ٥ میلیارد تمەن بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران. ئەم هاووڵاتیانە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرابوون.

ئیدریس محەممەدنژاد ڕۆژی ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٢٢ی فێبرییەی ٢٠٢٥) دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتییە دوای چەند حەفتە لێپرسینەوە لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.

سالار شەمس‌بورهان، ئەیوب ڕەسوولی، ڕێبوار ڕەسوولی و عەلی مەعرووفییش لە کۆتاڕۆژەکانی سەرماوەزی ١٤٠٣دا (دیسامبەری ٢٠٢٤) لە شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی شاری مەهاباددا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون و دوای چەندین مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرابوون و بۆ ماوەیەکی زۆر لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا ڕاگیرابوون.