حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ورمێ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای شەش مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکوانە کوردە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) دوای بانگهێشتکران بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ماوەی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراوە.

حەمید چەپاتی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ پۆلیسی ئەمنییەتی ورمێ دەستبەسەر کرا و هەمان ڕۆژ دوای ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتەکان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (١٤ی فێبرییەی ٢٠٢٥) لە لایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاهینی بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. بەڵام بێهزاد ساریخانلوو، جێگری داواکاری گشتیی ورمێ، تانەی لە بڕیارەکەی دادگا دا و هەر بۆیە دۆسیەکە ڕادەستی بەردەم لقی ٢٣ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگا کرا. ئەم دادگایەیش لەسەر داوای جێگری داواکاری گشتی سزاکەی بۆ ٦ مانگ بەندکران بەرز کردەوە.