حیسام سەبووری لەگەڵ دوو منداڵدا بە ناوەکانی کاوان سەبووری و ئێحسان سەبووری لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە کامێران دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی هەینی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٤ (١٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی ئەم هاووڵاتیانە لە گوندی «گازرخانی»ی کامێران و هەرسێکیان دەستبەسەر کردوون.

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانی ئەم هاووڵاتیانە بۆ وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی منداڵەکانیان، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.

شایانی باسە پێشتر و لە ١٧ی خەرمانانیشدا (٨ی سێپتامبەر) دوو منداڵی دیکەی خەڵکی کامێران بە ناوەکانی هەوراز زەمانی و بێهرووز ڕەشیدی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکانی خۆیان دەستبەسەر کرابوون و گوازرابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەو دەزگا ئەمنییە لە شاری سنە.