لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد لە شاری کامێراندا، دوو منداڵی ١٧ ساڵان بە ناوەکانی پەیمان حسەینی و سۆران موزەفەری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار. هاوکات لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیاری دەستبەسەربوونی هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی دیکەی خەڵکی کامێران بە ناوی ڕامین گورگانی بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ کراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٤ (١١ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) هێزە ئەمنییەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی پەیمان حسەینی لە شاری کامێران و دەستبەسەریان کردووە. هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) هەر لەم شارەدا هێرش کراوەتە سەر ماڵی سۆران موزەفەری و ئەویش دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ئەم هاووڵاتییە نەخۆشیی شەکرە (دیابێت)ی هەیە.

لە یەک حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم شەش منداڵی خوار ١٨ ساڵ لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەو دەزگا ئەمنییە یان کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت (چاکسازیی منداڵان) لە شاری سنە. ئەم منداڵانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی پارێزەرە و دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

لە لایەکی ترەوە، بڕیاری دەستبەسەربوونی ڕامین گورگانی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی کامێران کە ڕۆژی ١٩ی گەلاوێژ (١٠ی ئاگۆست) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ جارێکی تر دەستبەسەر کرابوو، بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ کراوەتەوە. ئەم هاووڵاتییەیش لە ساتی دەستبەسەرکرانەوە تەنها چەند جارێک زۆر بە کورتی بە تەلەفۆن پێوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و تا ئێستایش مۆڵەتی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری پێ نەدراوە.