دیار گڕگوڵ و ئالان تابناک، دوو منداڵی ١٦ ساڵانی خەڵکی شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٤ (١٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی ئەم دوو منداڵە لە شاری شنۆ و هەردووکیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون.

بە ئەژمارکردنی ئەم دوو منداڵە، لە یەک حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٨ منداڵی کورد لە شارەکانی کامێران و شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ئەم منداڵانە لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەش کراون.

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانی ئەم هاووڵاتیانە بۆ وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی منداڵەکانیان، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.