دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی زانا مەنسووری و محەممەد ساڵحی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی سنە و دیواندەرە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٤ (١٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) زانا مەنسووری، لە دەستبەسەرکراوانی پێشووی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»، لە ماڵەکەی خۆی لە سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ئەم هاووڵاتییە چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش لەڕێی تەلەفۆنەوە بانگهێشتی بەردەم بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٤ (١٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) محەممەد ساڵحی، هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە، لە شوێنی کارەکەی لەم شارەدا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
دەوترێت هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەچوونی مانگرتنی کاسبکاران و دووکاندارانی دیواندەرە لە سێیەم ساڵیادی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا.