لەسەر چارەنووسی موستەفا ئەدوایی و کەیۆمەرس ئەدوایی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گەندی «سلێن»ی سەر بە سەوڵاوا کە لە ناوەڕاستی گەلاوێژی ئەمساڵدا (سێپتامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوندی «سلێن» لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) نزیکەی ١٨ ئۆتۆمبێلی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی شەش هاووڵاتی هێرشیان کردە سەر گوندەکە. چوار لەو هاووڵاتیانە لەو کاتەدا لە ماڵەوە نەبوون و هەر بۆیە نەیانتوانی دەستبەسەریان بکەن، بەڵام دوو کەسی تریان بە ناوەکانی کەیۆمەرس ئەدوایی و موستەفا ئەدوایی کە مامۆستای خانەنشینە، بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کران.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی هێرشەکەدا دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانیان شکاندووە و بێڕێزییەکی زۆریان بە ئەندامانی بنەماڵەکان کردووە و هاوکات دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسی و تایبەتییشیاندا.

بنەماڵەی ئەم هاووڵاتیانە بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر بارودۆخیان، چەندین جار سەردانی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی سەوڵاوا و مەریوانیان کردووە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان بەدەست بهێنن. هەروەها هەردووکیان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی پێوەندیی تەلەفۆنی و دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراون.

کەیۆمەرس ئەدوایی پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٩٩دا (١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) لە کاتێکدا کە تەنها ١٧ ساڵی بوو، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای مانگێک لێپرسینەوە بە بارمتە ئازاد کرابوو.