درەخشان، زانیار و ئیدریس ڕەحیمی، سێ خوشک و برای خەڵکی سنە کە لە پووشپەڕی ئەمساڵدا (ژوەنی ٢٠٢٥) بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ کۆمەڵەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە ئازاد کران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، درەخشان ڕەحیمی ڕۆژی ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) دوای ١٠٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) ئازاد کرا. هەردوو براکەیشی بە ناوەکانی زانیار و ئیدریس ڕەحیمی حەفتەی ڕابردوو دوای ٣ مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوون.
ئەم سێ هاووڵاتییە ڕۆژی ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٨ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لەم شارەدا. ئەوان لە ماوەی دەستبەسەربووندا بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ کۆمەڵەدا لێپرسینەوەیان لێ کرابوو.
ئەم سێ هاووڵاتییە بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوون لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوون.