حەوت هاووڵاتیی کورد، لەوانە دوو منداڵ، بە ناوەکانی موبین تاڵەبانی، ڕێبوار مووسەوی، زاهیر ئازەری، فەخرەدین خالیدی، کامران سوڵتانی، حەسەن مێهرابی و کەیوان سعیدی، لە شارەکانی شنۆ، بۆکان و مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) موبین تاڵەبانی، خوێندکاری خەڵکی مەریوان، لە شەقامێکی ئەم شارەدا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) چوار هاووڵاتی، لەوانە دوومنداڵی خەڵکی شنۆ، بە ناوەکانی ڕێبوار مووسەوی ١٧ ساڵان، زاهیر ئازەری ١٧ ساڵان، کەیوان سعیدی و فەخرەدین خالیدی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. ڕێبوار مووسەوی و زاهیر ئازەری دوای چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە ئازاد کران، بەڵام لەسەر چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییەکەی تر تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
هاوکات کامران سوڵتانی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و حەسەن میهرابی، خەڵکی گوندی «نێ»ی مەریوان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. دەوترێت هێزە ئەمنییەکان بە سیناریۆیەکی فریوکارانە و لەژێر ناوی وەرگرتنی یارانەدا (سوبسید) حەسەن میهرابییان بۆ قایمقامییەت (فەرمانداری)ی مەریوان بانگهێشت کردووە و ئەم هاووڵاتییە کاتێک ویستوویەتی سەردانی قایمقامییەت بکات، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە شەقامێکی ئەم شارەدا دەستبەسەر کراوە.