موحسین و حسەین گەردشی، دوو برای چالاکوانی مەدەنی و زیندانیانی سیاسیی پێشوو، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئێوارەی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شەقامێکی شاری بۆکاندا هەڵیانکوتایە سەر دووکانەکەی حسەین گەردشی و ئەم چالاکە مەدەنییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرد. هەروەها هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیشی و دوای پشکنینی ماڵەکە و بێڕێزیکردن بە ئەندامانی بنەماڵەکەی، دەستیان گرت بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانیدا.

هاوکات هەمان ئەو هێزانە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی موحسین گەردشی کە ئەویش چالاکوانی مەدەنی و برای حسەین گەردشییە، پاشان چەکیان لە ئەندامانی بنەماڵەکەی ڕاکێشاوە و ئەویشیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

موحسین و حسەین گەردشی پێشتریش، لە بەفرانباری ١٣٩٩دا (ژانڤییەی ٢٠٢٠)، لە شەپۆلی دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی کورددا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون. موحسین گەردشی دوای چەند ڕۆژێک ئازاد کرا، بەڵام حسەین گەردشی نزیکەی ٢ مانگ لە حاڵەتی دەستبەسەربووندا مایەوە و دواجار بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ئەم دوو چالاکوانە مەدەنییە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بۆ دامودەزگا ئەمنییەکان بانگهێشت کراون و خراونەتە بەر لێپرسینەوە.