دوای تێپەڕینی سێ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی ئازاد حاجیمیرزایی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکوانە مەدەنییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە دووکانەکەی خۆی لە شاری سنە بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەگەرچی بنەماڵەی ئازاد حاجیمیرزایی بۆ وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان چەندین جار سەردانی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانیان کردووە، بەڵام ئەو ناوەندانە ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.
ئازاد حاجیمیرزایی پێشتریش لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢دا (١٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) هاوکات لەگەڵ یەکەم ساڵیادی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا دەستبەسەر کرابوو و پاش چەند حەفتەیەک بە بارمتە لە زیندان ئازاد کرابوو. دوای ماوەیەکیش لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای ٥ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.