جیهانگیر ڕوستەمی، مامۆستای خانەنشین و چالاکی پیشەیی خەڵکی شاری هەرسینی کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هاوکات دوو ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەی، ئێحسان ڕوستەمی کە کوڕیەتی و وەرگێڕە و خاوەنی ناوەندێکی چاپ و بڵاوکردنەوەیە، هەروەها ڕامین ڕوستەمی کە برازایەتی و چالاکوانی فەرهەنگییە، لە نزیکەی دوو مانگ لەمەوپێشەوە دەستبەسەر کراون.  

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی جیهانگیر ڕوستەمی، ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی هەرسین و ئەم مامۆستا کوردەیان دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. بنەماڵەکەی دەڵێن دوای ئەوەی کە سەردانی دادسەرای کرماشانیان کردووە بە شێوەی نافەرمی پێیان ڕاگەیاندوون کە جیهانگیر ڕوستەمی ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کراوە.

ئەم مامۆستا خانەنشینە لە کاتێکدا دەستبەسەر کراوە کە کوڕەکەی و برازاکەیشی، ئێحسان ڕوستەمی و ڕامین ڕوستەمی، لە ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژی ئەمساڵەوە (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) دەستبەسەر کراون. ئەم هاووڵاتیانە لەگەڵ سێ چالاکوانی فەرهەنگیی دیکەدا بە ناوەکانی حەسەن تووزەندەجانی، مەرجان ئەردەشیرزادە و نیما مەهدیزادەگان بە شێوەی هاوکات لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیاندا لە شاری تاران دەستبەسەر کرابوون.

بنەماڵەکانی ئێحسان و ڕامین ڕوستەمی پێشتر ڕایان گەیاندبوو کە ئەم دوو چالاکوانە کوردە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بەردەوامیی دەستبەسەربوونی خۆیاندا مانیان لە خواردن گرتووە.

ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی هەرسین لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا لە بەرانبەر دەستبەسەرکردنی جیهانگیر ڕوستەمیدا هەڵوێستی وەرگرتووە و وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم ڕووداوە، ڕەخنەی لەو گوشارە ئەمنیانە گرتووە کە دژ بە بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ گیراوەتە بەر. لە بەشێکی بەیاننامەکەدا نووسراوە:

«داوای ئازادکردنی دەسبەجێ و بێمەرجی جیهانگیر ڕوستەمی لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی هەرسین دەکەین و تا کاتی ئازادکردنی بەڕێزیان، لەگەڵ بنەماڵەی بەڕێزی ئەم مامۆستا خۆشەویستەدا درێغی لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک ناکەین».

هەروەها لە دوایین گردبوونەوەی خانەنشینان و مامۆستایانی شاری کرماشاندا کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەر (١٩ی ئۆکتۆبەر) بەڕێوە چوو، بەشداربوان داوایان کرد ئەم مامۆستا خانەنشین و چالاکە پیشەییە دەسبەجێ ئازاد بکرێت.