دوای تێپەڕینی ٢٧ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی فەرزاد مەردۆخی، لە دەستبەسەرکراوانی پێشووی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە کامێران، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٣٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کامێران بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

فەرزاد مەردۆخی لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش بووە. هەروەها بنەماڵەکەی بەردەوام لە لای دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ چارەنووسی کردووە، بەڵام ئەو دامودەزگایانە ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.

ئەم هاووڵاتییە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە کاتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەر لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوو و دوای ماوەیەک ئازاد کرا. هەروەها جارێکی تر لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ١٤٠٣دا (دیسامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری بانە دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی ٤٠ ڕۆژ بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.