لە درێژەی نوێترین شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورددا کە چەند ڕۆژێکە دەستی پێ کردووە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی ڕەوف فەڕوخی و ڕەحیم ڕەحمانی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، نزیک کاتژمێر سێی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵە سێ نهۆمییەکەی هاووڵاتییەکی پیرانشاری بە ناوی محەممەدئەمین فەڕۆخی و دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵەکەیان شکاندووە و پاشان ئەندامێکی بنەماڵەکەیان بە ناوی ڕەوف فەڕوخی دەستبەسەر کردووە.

هاوکات هێرشیان کردووەتە سەر گوندی «زەنگیئاوێ»ی پیرانشاریش و بەبێ مۆڵەتی یاسایی یەکێک لە دانیشتوانی ئەم گوندەیان بە ناوی ڕەحیم ڕەحمانی دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەم هەڵمەتە ئەمنییەدا چەند درۆنێکی وەزارەتی ئیتلاعات بەسەر ماڵەکانی ئەم هاووڵاتیانەدا فڕیون و چاودێریی دۆخەکەیان کردووە. هێزە ئەمنییەکان کەشێکی تۆقێنەریان دروست کردووە و وێڕای بێڕێزیکردن بە ئەندامانی بنەماڵەکان، دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلی تایبەتیشیاندا.

بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٩ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی بۆکان، پیرانشار، مەهاباد و کامێران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.