لە درێژەی نوێترین شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورددا کە چەند ڕۆژێکە دەستی پێ کردووە، وەهاب محەممەدپوور، لە دەستبەسەرکراوانی پێشووی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە پیرانشار، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە هەر لەم شارەدا دەستبەسەر کرا. هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییەدا، خالێکیشی بە ناوی ڕەوف فەڕوخی و هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ڕەحیم ڕەحمانی هەر لە لایەن هەمان ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی پیرانشاری بە ناوی محەممەدئەمین فەڕۆخی و دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵەکەیان شکاندووە و پاشان ڕەوف فەڕوخیی کوڕی و وەهاب محەممەدپووری کچەزایان دەستبەسەر کردووە.

وەهاب محەممەدپوور پێشتریش لە سەرماوەزی ١٤٠١دا (دیسامبەری ٢٠٢٢) بە هۆی بەشداریکردنەوە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی ٣ مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەم دوو کەسە، بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە دەبێ کوڕەکەی تریشیان، ئاواڕە فەڕوخی، خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار بکات، لە کاتی پەلاماردانی ماڵەکەدا ئاوارە لە ماڵەوە نەبوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هاوکات هاووڵاتییەکی دیکەیش بە ناوی بە ناوی ڕەحیم ڕەحمانی لە گوندی «زەنگیئاوێ»ی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.

دەوترێت لەم هەڵمەتە ئەمنییەدا دەیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی پیرانشار و ورمێ بە کەڵکوەرگرتن لە درۆن و دوای شکاندنی دەرگا و پەنجەرەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکان و وێڕای بێڕێزیکردن بە ئەندامانی بنەماڵەکان، ئەو هاووڵاتیانەیان دەستبەسەر کردووە و دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلی تایبەتیشیاندا.

ئەم هاووڵاتیانە گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٠ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی بۆکان، پیرانشار، مەهاباد و کامێران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.