ئاکۆ عەزیزی، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەتی سەر بە سەردەشت، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە هەر لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچکەی ڕەبەت دەستبەسەر کردووە.

دەوترێت دەستبەسەرکردنی ئاکۆ عەزیزی بە شێوەیەکی توندوتیژ بووە و هێزە ئەمنییەکان هاوکات دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسی و تایبەتیشیدا گرتووە.

لە سێ ڕۆژ لەمەوپێشەوە شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا دەستی پێ کردووە و تا ئێستە لانیکەم ١١ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شارەکانی سنە و ورمێ. زۆربەی ئەم کەسانە لە ئەندامانی بنەماڵەی چالاکوانانی سیاسیی دەرەوەی وڵاتن و تا ئێستە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە تۆمەتی سەر ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەکەوتووە.