ئەیوب ڕەشی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «پارستان»ی سەردەشت، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە هەر لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) نزیکەی ٢٠ ئەندامی هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات بەبێ مۆڵەتی یاسایی و لە شەقامێکی سەردەشتدا پەلاماری ئەم هاووڵاتییەیان داوە و دەستبەسەریان کردووە.

دەوترێت ئەم هاووڵاتییە پاش دەستبەسەرکردن ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی و هەوڵدانیان بۆ وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر چارەنووس و دۆخی ئێستای کوڕەکەیان، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.

لە چەند ڕۆژێک لەمەوپێشەوە شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا دەستی پێ کردووە و تا ئێستە لانیکەم ١٢ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شارەکانی سنە و ورمێ. زۆربەی ئەم کەسانە لە ئەندامانی بنەماڵەی چالاکوانانی سیاسیی دەرەوەی وڵاتن و تا ئێستە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە تۆمەتی سەر ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەکەوتووە.