دانیال دارابخانی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی لاهیجان، نزیکەی دوو حەفتە لەمەوپێش دەستبەسەر کرا و ئێستە بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە زیندانی لاهیجاندا دەستبەسەرە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هاووڵاتییە کوردە نزیکەی دوو حەفتە لەمەوپێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری لاهیجانی پارێزگای گیلان دەستبەسەر کرا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەدا ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کراوە.
تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» ڕووبەڕووی ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە کراوەتەوە و ئێستە بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە و لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا لە زیندانی لاهیجان ڕاگیراوە.
دانیال دارابخانی دوای خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ (ژانڤییەی ٢٠١٨) لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمەی هەمان ساڵدا (٩ی مارسی ٢٠١٨) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٢٨ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەم شارەدا، گوازرایەوە بۆ زیندانی دیزڵئاوا. چەند مانگێک دواتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاڕۆخ مورادی بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپا و دوای تێپەڕاندنی ١٠ مانگ بەندکران، لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) ئازاد کرا.