محەممەدعەلی وەیسی و سیروان خوداکەرەمی، دوو چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی سەقز، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەبێ مۆڵەتی یاسایی محەممەدعەلی وەیسییان لە شوێنی کارەکەی و سیروان خوداکەرەمییشیان لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کردووە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە بە مەبەستی وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری لەسەر چارەنووسی کوڕەکانیان، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.

محەممەدعەلی وەیسی لە چالاکانی ناسراوی ژینگەپارێزی کوردستانە کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو لە بواری دەرمانکردنی باڵندە بریندارەکاندا چالاکیی بەرچاوی هەبووە.