فەرشاد سووری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «بالۆ»ی ورمێ و ڕامین محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «ئەڵەک»ی کامێران، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شارەکانی ورمێ و سنە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (١٠ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڕامین محەممەدی لە گوندی «ئەڵەک»ی کامێران و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.
ڕامین محەممەدی ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) پاش وازهێنان لە ئەندامێتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و وەرگرتنی ئەماننامە گەڕایەوە بۆ ناوخۆ و بۆ ماوەی چەند حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە خرایە بەر لێپرسینەوە. پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکانیش بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
هەروەها فەرشاد سووری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «بالۆ»ی ورمێ، ڕۆژی ٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە. پێشتر و لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٤دا (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) برایەکی دیکەیشی بە ناوی جەواد سووری لە لایەن پۆلیسی ئەمنییەتەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چوار ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.