سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی لوقمان ساڵحیزادە، عەلی حسەینی و محەممەد دەشتی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی کامێران و سەوڵاوا دەستبەسەر کران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «دێوەزناو»ی سەوڵاوا بە ناوەکانی لوقمان ساڵحیزادە و عەلی حسەینی دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەوڵاوا دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (١٠ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) محەممەد دەشتی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «ئەڵەک»ی کامێران، بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.
ئەگەرچی بنەماڵەکانی ئەم هاووڵاتیانە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکانیان بەدواداچوونی زۆریان کردووە، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.