ئەحەد خزرنژاد، ئومێد خزرنژاد و شوانە خزرنژاد، سێ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە سزای ٣ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هاووڵاتیانە لەم حەفتانەی ڕابردوودا لە لایەن بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی پیرانشارەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی سزا بانگهێشت کرابوون و ڕۆژی دووشەممە ١٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (١٠ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) دوای سەردانکردنی دادگا ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کراون.
ئەحەد خزرنژاد و شوانە خزرنژاد ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ (٢٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کران. هەروەها ئومێد خزرنژادیش ڕۆژی ٥ی ڕێبەندان (٢٥ی ژانڤییە) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
ئەم سێ هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان، لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەوە گوازرانەوە بۆ زیندانی نەغەدە و ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣ (٥ی ژوەنی ٢٠٢٤) بە بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران. دوای ماوەیەک دانیشتنی دادگاییکردنیان لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا سزای ٣ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.