هێرش زەندیی ناوگەران، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٦ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکوانە کوردە ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (١٥ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنییەوە تا بەردەم زیندانی ناوەندیی سنە ڕەوانە کرا.
هێرش زەندیی ناوگەران ڕۆژی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە شوێنی کارەکەی لە شاری سنە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە و دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە دوای مانگێک دەستبەسەربوون لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەنداندا (١٨ی فێبرییە) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا. دوای ماوەیەکیش لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
ئەم هاووڵاتییە پێشتریش، لە ساڵی ١٣٨٦دا (٢٠٠٧) دەستبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا سزی ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.