دوای تێپەڕینی ٤ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی فەرزاد گەللەبان، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ کە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (١٣ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی گوندی «کەریمئاوا» و دانیشتووی گوندی «وەلێندەری نشیو»ی ورمێ، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە. ئەو هێزانە پاشان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیشی و دەستیان بەسەر کۆمەڵێ کەلوپەلی ئەندامانی بنەماڵەکەدا گرتووە.
ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی پێوەندیکردن و دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراوە.
دوای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی و سەردانکردنی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی ورمێ، پێیان ڕاگەیەنراوە کە کوڕەکەیان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کراوە.