سەرەڕای تێپەڕینی ٩ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی زانیار مورادی و ئازاد سوبحانی، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی ٢١ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (١٢ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) لە شوێنی کارەکەیاندا لە شاری دیواندەرە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

ئەم هاووڵاتیانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی پێوەندیکردن و دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراون.

بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە سەرەتای مانگی گەڵاڕێزانەوە (٢٣ی ئۆکتۆبەر) تا ئێستا لانیکەم ٣٥ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و زۆربەیان بەبێ ئەوەی مۆڵەتی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان پێ بدرێت، هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەکانی ئەم دوو دەزگا ئەمنییە لە شارەکانی سنە و ورمێ ڕاگیراون.