سەرەڕای تێپەڕینی ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی پوویا حەبیبی، چالاکوانی ژینگەپارێز و ئەندامی ڕێکخراوەی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکوانە کوردە ڕۆژی ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٣ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەیدا لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەگەرچی بنەماڵەکەی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکەیان بەدواداچوونی زۆریان کردووە، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.

ئەم چالاکوانە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی پێوەندیکردن و دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراون.