دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «دێوەزناو»ی سەوڵاوا بە ناوەکانی لوقمان ساڵحیزادە و عەلی حسەینی کە چەند حەفتەیەک لەمەوپێش دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کرابوون، دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی مەریوان کراون.
هەروەها سەرەڕای تێپەڕینی دوو حەفتە لە دەستبەسەرکردنی یاسر ئەدوایی و سۆبان ئەدوایی کە هەردووکیان خەڵکی گوندی «سلێن»ی سەوڵاوان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لوقمان ساڵحیزادە و عەلی حسەینی، دوو هاووڵاتیی خوڵکی گوندی «دێوەزناو» کە ڕۆژی ١٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەوڵاوا دەستبەسەر کرابوون، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغی لێپرسینەوە، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە گوازراونەتەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی ئەم شارە.
هەروەها لەسەر چارەنووسی یاسر ئەدوایی و سۆبان ئەدوایی کە ڕۆژی ٢٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (١٣ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەوڵاوا دەستبەسەر کربواون، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
یاسر ئەدوایی پێشتریش لە جۆزەردانی ١٣٩٩دا (مەیی ٢٠٢٠) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ٤٥ ڕۆژ بە بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو. پاییزی هەمان ساڵ بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و دواتر سزاکە لە دادگای پیاچوونەوەدا گۆڕدرا بۆ ٣ ساڵ بەندکران. ئەم هاووڵاتییە لە ڕێبەندانی ١٣٩٩دا (فێبرییەی ٢٠٢١) بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرا و دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکە لە زیندان ئازاد کرا.