بڕیاری دەستبەسەربوونی خزر ڕەسوول مروەت (شەماڵ)، چالاکوانی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو، دیسان درێژ کرایەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەهاباد بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ئەم چالاکوانە کوردەی بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ کردووەتەوە.
کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) زیاتر لە ٢٠ ئەندامی هێزە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی خزر (شەماڵ) ڕەسوول مروەت لە شاری مەهاباد و ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرد. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا هاوژینەکەیشی تووشی کێشەی دڵ بووبوو و لەسەر خۆ چووبوو.
ئەم هاووڵاتییە سەرەتا گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و بۆ ماوەی ١٧ ڕۆژ لەسەر چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و پێوەندییەکانی لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی پێشوودا لێپرسینەوەی لێ کرا. هەر بۆیە وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە بەرانبەر دەستبەسەرکردنی خۆیدا بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت و دواجار ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا.
دەوترێت تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە و دۆسیەکەی لە قۆناغی دەرکردنی سزانامەدایە.
خزر ڕەسوول مروەت (شەماڵ) ڕۆژی ٨ی ڕەشەمەی ١٣٩١ (٢٦ی فێبرییەی ٢٠١٣) بە هۆی بەشداریکردنەوە لە گردبوونەوەیەک لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی ورمێدا کە بۆ پشتیوانیکردن لە خوێندەڤانانی «شیناوێ» بەڕێوە چووبوو، دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و ورمێ لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا.
ئەم چالاکوانە کوردە ڕەزبەری ١٣٩٢ (سێپتامبەری ٢٠١٣) و لە کاتێکدا کە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆیی لێ زەوت کرابوو، لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەوادی کیا دادگایی کرا و بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. بڕیارەکەی ئەم دادگایە لە سەرماوەزی هەمان ساڵدا (دیسامبەری ٢٠١٣) لە دادگای پیاچوونەوە پەسەند کرا و ئەم هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکە لە زیندانی میاندواو ئازاد کرا.
خزر ڕەسوول مروەت پێشتریش لە گەلاوێژی ١٣٧٨دا (جولایی ١٩٩٩) دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە سزای ٣ ساڵ بەندکران و ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپابوو. ئەم چالاکوانە دوای ٢ ساڵ مانەوە لە زیندان بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا، بەڵام سەرباری قبووڵبوون لە تاقیکارییەکانی وەرگرتنی زانکۆدا، مۆڵەتی درێژەدان بە خوێندنی باڵای لە پلەی ماستەردا پێ نەدرا و لەم مافە بێبەش کرا.