محەممەد و کامیل ئوسلووب، دوو برای خەڵکی پیرانشار، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆیان لەم شارەدا دەستبەسەر کران. کامیل ئوسلووب دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کرا بەڵام لەسەر چارەنووسی محەممەد ئوسلووب هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٣ی دیسامبەری ٢٠٢٥) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی محەممەد ئوسلووب لە شاری پیرانشار و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە. هاوکات کامیل ئوسلووبییش کە لە بەرانبەر هەڵسوکەوتی خراپی هێزەکان و دەستبەسەرکردنی نایاسایی براکەیدا ناڕەزایی دەر بڕیبوو، لە لایەن هەمان ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کرابوو.

کامیل ئوسلووب دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کرا بەڵام تا ئێستە لەسەر چارەنووسی محەممەد ئوسلووب هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

دەوترێت لە ئێستەدا زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتیی کورد لە دەستبەسەرگە ناوەندییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێ دەستبەسەرن و تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی زۆربەی ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەکەوتووە.