شەش هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی بۆکان، مەهاباد و شنۆ بە ناوەکانی ئەحمەد زرەنگ، دیار حاجی‌ڕەسوولپوور، دیان ڕەسوولپوور، ئارام جەمشیدوون، ئومێد بادی و کەیوان ڕەسوولی‌ئازەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٦ی دیسامبەری ٢٠٢٥) ئارام جەمشیدوون، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «قەرەداغ»ی مەهاباد، لە ماڵەکەی خۆی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەز (٥ی دیسامبەر) هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی توندوتیژ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی ئەحمەد زرەنگ، دیار حاجی‌ڕەسوولپوور و دیان ڕەسوولپوور و ئەم هاووڵاتیانەیان دەستبەسەر کردووە.

ڕۆژی ١٣ی سەرماوەزیش (٤ی دیسامبەر) ئومێد بادی، وێنەهەڵگر و وەستاکاری هێلی شۆتی خەڵکی بۆکان، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە شوێنی کارەکەیدا لەم شارە دەستبەسەر کراوە. هێزە ئەمنییەکان هاوکات دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ لە کەلوپەلەکانی کارەکەیشیدا.

هەروەها ڕۆژی ١١ی سەرماوەز (٢ی دیسامبەر) کەیوان ڕەسوولی‌ئازەر، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەکەوتووە، بەڵام دەوترێت هەموویان ڕەوانەی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری ورمێ کراون.