لە درێژەی نوێترین شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورددا، کاوە کۆڵە، قادر کۆڵە، سمکۆ یووسفی و محەممەد موستەفا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥) سمکۆ یووسفی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە و بە شێوەیەکی توندوتیژ لە شەقامێکی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا.
ئەم چالاکوانە کوردە پێشتریش لە جۆزەردانی ئەمساڵدا (مەیی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
هاوکات دوو هاووڵاتیی دیکەیش بە ناوەکانی کاوە کۆڵە و قادر کۆڵە، هەر لە شاری بۆکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٧ی دیسامبەری ٢٠٢٥) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی محەممەد موستەفا و دەستبەسەریان کرد.
هەموو ئەم هاووڵاتیانە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەرکراون و تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.