لە درێژەی نوێترین شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورددا، پێنج هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی مەحموود خودادادی، هێمن ڕەحیمی، سامان قوربانی، کازم ئازدە و ناسر ئازەرم لە شارەکانی نەغەدە و مەهاباد دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٠ی دیسامبەری ٢٠٢٥) سامان قوربانی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «یاڵتەمەر»ی مەهاباد، بە تەندوتیژی و لێدان و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەز (٩ی دیسامبەر) دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی خەلیفانی مەهاباد بە ناوەکانی کازم ئازده و ناسر ئازەرم لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزیش (٧ی دیسامبەر) مەحموود خودادادی و هێمن ڕەحیمی، هاووڵاتیانی خەڵکی نەغەدە، بە تەندوتیژی و لێدان و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە شوێنی کارەکەیاندا دەستبەسەر کراون. هێزە ئەمنییەکان دواتر هێمن ڕەحیمییان بە دەستبەسەرکراوی بردووەتەوە بۆ ماڵەوە و دوای پشکنینێکی زۆر کەلوپەلی ناو ماڵەکەیشیان شکاندووە.

دەوترێت ئەم هاووڵاتیانە دواتر ڕەوانەی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ورمێ کراون. هاوکات سەرەڕای سەردانکردن و بەدواداچوونی بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووسی دەستبەسەرکراون، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.

بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە دوو حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٤ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی مەریوان، بۆکان، مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، ورمێ و نەغەدە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.