سێ ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی «ئاڤامیدیا» بە ناوەکانی عومەر ئەحمەد، مامەند حەسەنپوور و ئاوارە عومەر کە لەگەڵ شۆفێرەکەیاندا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە سەردەشت دەستبەسەر کرابوون، تا ئێستایش لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەدا لە شاری ورمێ ڕاگیراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٣ی دیسامبەری ٢٠٢٥) عومەر ئەحمەدی پێشکەشکار کە بە «ڕەسووکە» ناسراوە، ئاوارە عومەری وێنەهەڵگر و شۆفیرەکەیان کە هەموویان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، لەگەڵ مامەند حەسەنپووری بەرهەمهێنەری خەڵکی نەغەدە، لە کاتی ڕووماڵکردنی فێستیڤاڵی «بەیت و حەیران»ی سەردەشتدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران.
ئەم تیمە دوای دەستبەسەرکردن گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری ورمێ و تا ئێستە لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا ڕاگیراون.
ڕۆژی ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٩ی دیسامبەری ٢٠٢٥) «کۆمیتەی بەرگریکردن لە ڕۆژنامەوانان (CPJ)» لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبوو دەسبەجێ عومەر ئەحمەد و تیمەکەی ئازاد بکەن.