جەواد عەلیکوردی، پارێزەری یاسایی، هەڵگری بڕوانامەی دوکتورای تایبەتمەندی یاسا و برای خەسرەو عەلیکوردی کە چەند ڕۆژێک لەمەوپێش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەشهەد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٢ی دیسامبەری ٢٠٢٥) هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی حەوتەم ڕۆژی گیانبەختکردنی خەسرەو عەلیکوردیدا کە بە بەشداریی بەربڵاوی خەڵک و چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی و بە ئامادەبوونی بەرچاوی هێزە ئەمنییەکان لە مەشهەد بەڕێوە چوو، ژمارەیەک لە چالاکوانانی بەشدار لە ڕێوڕەسمەکەدا، لەوانە نەرگس محەممەدی، سپیدە قولیان، عالیە موتەلیبزادە، پووران نازمی و هەستی ئەمیری، دەستبەسەر کران.

دوابەدوای دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانە، جەواد عەلیکوردی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا هەڕەشەی لە کاربەدەستانی حکومەت کرد لە ئەگەری ئازادنەکردنی دەستبەسەرکراواندا هەندێ نهێنیی پێوەندیدار بە گیانلەدەستدانی براکەیەوە ئاشکرا دەکات. بەڵام پاش بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆییەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەری یاسایی و زیندانیی سیاسیی پێشوو کە لە ساڵانی ڕابردوودا ئەرکی پارێزەریی ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی و دەستبەسەرکراوان و بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»ی قبووڵ کردبوو، ڕۆژی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٥ی دیسامبەری ٢٠٢٥) بە شێوەیەکی گوماناوی لە نووسینگەکەیدا لە شاری مەشهەد گیانی لە دەست دا.

ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکان هۆکاری مردنەکەیان بە «جەڵدە و وەستانی دڵ» لە قەڵەم دا، بەڵام پێشینەی فریوکارانەی ئەو ڕاگەیاندنانە و هەروەها ئەو هەڕەشانەی لە ساڵانی ڕابردوو و لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بە هۆی دۆسیە سیاسییەکانەوە لەم پارێزەرە یاساییە کرابوو، دواجاریش کۆکردنەوە و دەستگرتن بەسەر فیلمی کامێرا چاودێرییەکانی نووسینگەکەیدا، وای کردووە بنەماڵەکەی و کۆمەڵگەی پارێزەران گیانلەدەستدانی خەسرەو عەلیکوردی وەک «مەرگێکی گوماناوی» ڕابگەیەنن.

شایانی باسە بنەماڵەی عەلیکوردی لە کوردانی خوراسانن.