ئومێد باقری، وێنەگر و ژینگەپارێزی خەڵکی شاباد، لە جادەی کرماشان بۆ پاوەدا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هەروەها سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، لەوانە منداڵێک، بە ناوەکانی شەفیع ئەحمەدی، شاهۆ ئیبراهیمی و سەراج ئەلیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٤ی دیسامبەری ٢٠٢٥) ئومێد باقری، وێنەگر و چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی شاباد، لە جادەی کرماشان بۆ پاوەدا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

هاوکات شاهۆ ئیبراهیمی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «ئاڵکاو»ی شنۆ، بە بیانووی جێبەجێکردنی کاروباری ئیداری بۆ فەرمانگەی «جیهادی کشتوکاڵ»ی ئەم شارە بانگهێشت کراوە و لەوێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە. پێشتر و لە ڕۆژی ١٣ی سەرماوەزدا (٤ی دیسامبەر) شوانە ئیبراهیمیی برایشی هەر لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کرابوو. هەروەها شەفیع ئەحمەدی، خەڵکی گوندی «باڵاگیر» و سەراج ئەلیاسی، ١٦ ساڵان و خەڵکی گوندی «ئاسناوێ»، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە سێ حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٣٤ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی مەریوان، بۆکان، مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، ورمێ و نەغەدە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.