لە بەردەوامیی نوێترین شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورددا، پێنج هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی شاهۆ هاشمپوور، تاهیر باپیران، سیامەند ئیسماعیلی، هەژار توورەجی و ڕزگار خوانپایە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی شنۆ و پیرانشار دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٥) چوار هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی تاهیر باپیران، سیامەند ئیسماعیلی، هەژار توورەجی و ڕزگار خوانپایە بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٤ی دیسامبەری ٢٠٢٥) شاهۆ هاشمپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەر لەو شارەدا دەستبەسەر کراوە.
بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە سێ حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٣٩ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی مەریوان، بۆکان، مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، ورمێ، کرماشان و نەغەدە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون. ئەم هاووڵاتیانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراون.
چەند کەسێکیان لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوازراونەتەوە بۆ زیندانی مەهاباد، بەڵام لەسەر چارەنووسی زۆربەیان تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.