لە بەردەوامیی نوێترین شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورددا، شەش هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی محەممەد عەباسی، عوبەید سووری، حەسەن ڕەمەزانی، بەهمەن ئەحمەدزادە، سالار ئوستادئەحمەدی و سۆران دورجدوڕ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی پیرانشار، بۆکان و میاندواو دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥) سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «سەرچنار»ی میاندواو بە ناوەکانی سالار ئوستادئەحمەدی، حەسەن ڕەمەزانی و بەهمەن ئەحمەدزادە، بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هاوکات دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی محەممەد عەباسی، خەڵکی گوندی «گووگجەلی»ی بۆکان و عوبەید سووری، خەڵکی گوندی «شیناوێ»ی هەمان شار، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها لەسەر چارەنووسی سۆران دورجدوڕ، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە ڕۆژی ٢٤ی سەرماوزی ١٤٠٤ (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە سێ حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٥١ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی مەریوان، بۆکان، مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، ورمێ، مەشهەد، ئاودانان، کرماشان، میاندواو و نەغەدە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون. ئەم هاووڵاتیانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراون.

دوان لەم کەسانە لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوازراونەتەوە بۆ زیندانی مەهاباد، بەڵام لەسەر چارەنووسی زۆربەیان تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.