زەینەب یووسفپوور و سۆفی ڕوستەمی لەگەڵ شیلان ڕوستەمیی کچیاندا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆیان لە ورمێ دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «دوانیوەڕۆی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥) دەیان ئەندامی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری ورمێ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ڕوستەمی و سێ ئەندامی بنەماڵەکەیان دەستبەسەر کردووە».

سەرچاوەکە زیادی کرد: «ئەم هاووڵاتیانە بەبێ مۆڵەتی یاسایایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ و تۆقێنەر دەستبەسەر کران و لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراون، هەروەها هیچ زانیارییەکیش لەسەر شوێنی ڕاگرتنیان بەردەست نەکەوتووە».

فەتاح یووسفپووری برای زەینەب یووسفپووریش پێشتر لە ڕێکەوتی ٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤دا (٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو و دوای سێ حەفتە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو.