لەسەر چارەنووسی موحسین قادری، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە ڕۆژی ١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٢ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە نزیک شاری بانە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران چەند حەفتەیەک لەمەوپێش بنەماڵەی موحسین قادریی بانگ کردووە و پێی ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان لە تێکهەڵچوونێکی سەربازیدا لە شاری بانە کوژراوە. بەڵام کەسێکی دیکە کە هاوکات لەگەڵ ئەم ئەندامەی پژاکدا دەستبەسەر کرابوو، بە بنەماڵەکەی وتووە هەردووکیان لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون و گوازرابوونەوە بۆ «دەستبەسەرگەی شەهرامفەر» لە شاری سنە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی موحسین قادری لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «لە چەند مانگی ڕابردوودا دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی بۆکان دوو جار بنەماڵەی موحسین قادریی بانگهێشت کردووە و پێی ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان لە سەرەتای پووشپەڕدا (کۆتایی ژوەن) لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە لە تێکهەڵچوونێکی سەربازیدا کوژراوە و بنەماڵەکەیشی بۆیان نییە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشی بەڕێوە بەرن».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای بەدواداچونی بنەماڵەکەی و سەردانکردنی شاری بانە، دەر کەوتووە کە لەو بەروارەدا هیچ جۆرە تێکهەڵچوونێکی سەربازی لە ناوچەی «هەنگەژاڵ» ڕووی نەداوە. هاوکات ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکەیش پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لە هەمان ڕۆژ و بەرواردا دوو کەس لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
دوای ئاشکرابوونی ناسنامەی هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەکەی تر لەم ڕووداوەدا، بنەماڵەی موحسین قادری توانیویانە لەم حەفتانەی ڕابردوودا ئەو کەسە ببینین و قسەی لەگەڵ بکەن. ئەم هاووڵاتییە کە لە ناوچە سنوورییەکاندا سەرقاڵی کۆڵبەرییە و دوای سێ مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە، ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ موحسین قادریدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە هەنگەژاڵی بانە دەستبەسەر کرابوون.
ئەم کۆڵبەرە بە بنەماڵەی موحسین قادریی ڕاگەیاندووە کە ئەو و موحسین سەرەتا براونەتە دەستبەسەرگەی سوپای بانە و دوای چەند کاتژمێرێکیش ڕەوانەی دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سنە کراون. هاوکات هەرجۆرە تێکهەڵچوونێکی سەربازیی لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا ڕەت کردووەتەوە و وتوویەتی دوای سێ مانگ لێپرسینەوە و کاتێک کە بۆیان سەلماوە ئەو هیچ پێوەندییەکی بە موحسین قادرییەوە نەبووە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراوە.
سەرچاوە نزیکەکە لە بنەماڵەی موحسین قادری لە درێژەی وتووێژەکەی لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە بەرانبەر چارەنووسی موحسین و سیناریۆسازییەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا، وە بیری هێنایەوە کە ئەمە دووەم جارە دامودەزگا ئەمنییەکان هەواڵی کوژرانی ئەم ئەندامەی پژاک ڕادەگەیەنن: «ساڵی ١٤٠٠یش (٢٠٢١) دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بنەماڵەی موحسینی بانگهێشت کردبوو و پێی ڕاگەیاندبوون کوڕەکەیان کوژراوە، بەڵام دوای ماوەیەک گرتەیەکی ڤیدیۆیی موحسین لە میدیاکانی پژاکدا بڵاو کرایەوە و ڕایگەیاند کە زیندووە».
ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ (٢٤ی جولایی ٢٠٢١) موحسین قادری لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) بە ناوی ئیدریس فیقهی لە بەرزاییەکانی کوێستانی گوندی «عەلەمئاوا»ی بۆکان کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسدارانەوە. لە ٥ی گەلاوێژی هەمان ساڵدا (٢٧ی جولایی ٢٠٢١) هەواڵنێریی دەوڵەتیی تەسنیم لە زمانی «قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا»وە هەواڵی کوژرانی دوو ئەندامی پارتێکی کوردی و دەستبەسەرکردنی ئەندامێکی برینداری ئەم پارتەی بڵاو کردەوە. پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیش لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢١) کوژرانی دوو ئەندامی ئەو حیزبەی بە ناوەکانی ئیدریس فیقهی خەڵکی سنە و موحسین قادری خەڵکی بۆکان لە تێکهەڵچوونێکی سەربازیدا لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران لە نزیک شاری بۆکان پشتڕاست کردەوە. بەڵام دوای ماوەیەک بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی تر ڕایگەیاند کە موحسین قادری زیندووە و ئیدریس فیقهییش دوای برینداربوون لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.
ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا زیادی کرد: «موحسین قادری دوایین جار لە خەرمانانی ئەمساڵدا (سێپتامبەری ٢٠٢٥) لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری سنە بینراوە و لەو کاتەوە تا ئێستە هیچ زانیارییەکی دیکە لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە، ئەگەرچی سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری ورمێ. ئیدریس فیقهیی هاوڕێی موحسینیش لە گەلاوێژی ١٤٠٠ەوە (جولایی ٢٠٢١) بە شێوەی زۆرەملێ بێسەروشوێن کراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بڵاو نەکراوەتەوە. ئێستە ئەو نیگەرانییە جیدییە لە ئارادایە کە دامودەزگا ئەمنییەکان بیانەوێت هەمان ئەو چارەنووسە ڕووبەڕووی موحسین قادرییش بکەنەوە».